زەبوورەکان 33 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 33:1-22

زەبووری 33

1ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،

ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.

2بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،

بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.

3سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،

بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.

4لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،

لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.

5یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،

زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

6بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،

بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.

7ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و

زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.

8با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،

با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!

9لەبەر ئەوەی کە فەرمووی، پەیدا بوو،

فەرمانی دا، بوو.

10یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،

تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.

11بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،

تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.

12خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدان خودایانە،

بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.

13یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،

هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.

14لە نشینگەکەی خۆیەوە

چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.

15ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،

ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.

16هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،

هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.

17ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،

بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.

18بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،

ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە،

19بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و

لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.

20ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،

یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.

21دڵمان بەو خۆشە،

چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.

22ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،

بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.