زەبوورەکان 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 31:1-24

زەبووری 31

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،

با هەرگیز شەرمەزار نەبم،

بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.

2گوێت بۆم شل بکە،

بە زوویی فریام بکەوە،

ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،

بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.

3لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،

لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.

4لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،

چونکە تۆ پەناگای منی.

5ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم،

ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.

6من ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە دەست بە بتی پووچەوە دەگرن،

من متمانەم بە یەزدان هەیە.

7من بە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆ شاد و دڵخۆش دەبم،

چونکە تۆ دەردی منت بینیوە و

لە تەنگانەدا گیانی منت ناسیوە.

8نەتخستوومەتە بەردەستی دوژمنان،

بەڵکو لەسەر شوێنێکی فراوان ڕاتگرتووم.

9ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە لە تەنگانەدام.

چاوەکانم کزبوون لە خەفەتان،

ڕۆح و لەشم لە خەمان.

10ژیانم بە خەم و خەفەت فەوتاوە،

ساڵانی تەمەنم بە ئاخ هەڵکێشان،

لەبەر دەرد و بەڵا هێزم لێ بڕاوە،

ئێسقانەکانم پووکاونەتەوە.

11بەهۆی دوژمنەکانمەوە،

بە تەواوی بوومەتە مایەی شەرمەزاری لای دراوسێکانم،

بوومەتە مایەی ترس بۆ ئاشناکانم،

ئەوانەی لە شەقامدا دەمبینن، لێم دوور دەکەونەوە.

12لەبیرکراوم وەک ئەوەی مردبم،

وەک قاپێکی شکاوم بەسەرهاتووە.

13گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە،

«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!»

هەموو پێکەوە پیلان لە دژم دەگێڕن،

بیر لەوە دەکەنەوە ژیانم لەناو ببەن.

14بەڵام ئەی یەزدان، من پشتم بە تۆ بەستووە،

دەڵێم: «تۆ خودای منیت.»

15ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،

لە دەستی دوژمنان و

ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.

16با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،

بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.

17با شەرمەزار نەبم ئەی یەزدان،

چونکە هاوار بۆ تۆ دەهێنم،

با بەدکاران شەرمەزار بن،

لەناو جیهانی مردووان خامۆش بن.

18با زمانە درۆزنەکانیان لاڵ بێت،

چونکە بە فیز و وشەی ناشیرینەوە

سووکایەتی بە سەرڕاستان دەکەن.

19چاکەت چەند مەزنە،

کە هەڵتگرتووە بۆ ئەوانەی ترسی تۆیان لە دڵدایە،

ئەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە،

بەوانەی دەبەخشیت کە پەنات بۆ دەهێنن.

20لە پەنای خۆت دەیانشاریتەوە،

لە پیلانەکانی خەڵکی،

لەژێر سێبەری خۆت دەیانپارێزیت،

لە زمانی سکاڵاکەران.

21ستایش بۆ یەزدان،

چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕە سەرسوڕهێنەرەکەی خۆی نیشاندام،

کاتێک لە شارێکی ئابڵوقەدراو بووم.

22لە کاتی سەرلێشێوانم گوتم:

«لەبەرچاوت نەماوم!»

بەڵام تۆ گوێت لە دەنگی پاڕانەوەم گرت،

کە هاوارم بۆت هێنا.

23ئەی هەموو خۆشەویستانی، یەزدانتان خۆشبوێت!

یەزدان دڵسۆزەکان دەپارێزێت،

بەڵام بە تەواوی سزای لووتبەرزەکان دەدات.

24ئازابن و دڵتان بەهێز بکەن،

ئەی هەموو ئەوانەی هیواتان بە یەزدان هەیە.