زەبوورەکان 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 26:1-12

زەبووری 26

زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،

چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،

پشتم بە یەزدان بەستووە،

بەبێ دوودڵی.

2ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،

مێشک و دڵم بپشکنە،

3چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،

بە ڕاستیی تۆ ڕەفتار دەکەم.

4لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،

تێکەڵی دووڕووان نابم.

5ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و

لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.

6دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،

ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و

7بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و

هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

8ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،

ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.

9گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆ مەکەوە،

ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،

10ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،

ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.

11بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،

بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،

لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.