زەبوورەکان 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 21:1-13

زەبووری 21

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.

چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!

2ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و

لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووه.21‏:2 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

3بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و

تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.

4داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،

ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.

5بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،

تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.

6بێگومان بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،

بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.

7لەبەر ئەوەی پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،

بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.

8دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،

دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.

9کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،

لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،

ئاگریش دەیانخوات.

10ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،

نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.

11هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و

بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،

12چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،

کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.

13ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،

گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.