زەبوورەکان 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 17:1-15

زەبووری 17

نوێژێکی داود.

1ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،

بایەخ بە هاوارم بدە،

گوێ لە نوێژەکەم بگرە،

لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.

2ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،

چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

3ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،

ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،

پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.

4سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،

خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.

5هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،

پێم نەخلیسکاوە.

6ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،

گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.

7جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،

ئەی ئەوەی بە دەستی ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت

کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.

8وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،

لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،

9لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،

لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

10دڵە بەردینەکانیان داخستووە،

بە دەمیش لاف لێدەدەن.

11شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،

چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.

12وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،

وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.

13ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!

بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!

14ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،

لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،

ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،

کوڕەکانیان تێر دەخۆن،

ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.

15بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،

کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.