زەبوورەکان 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 16:1-11

زەبووری 16

پاڕانەوەیەکی داود.

1ئەی خودایە، بمپارێزە،

چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

2بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،

بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»

3هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،

ئەوانە شکۆدارن.

4ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،

دەردیان زۆر دەبێت.

خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و

ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

5ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،

تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.

6گوریس16‏:6 دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.‏ کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،

بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.

7ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،

تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.

8هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،

لەبەر ئەوەی لەلای دەستی ڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

9بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،

تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،

10چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،

هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ16‏:10 مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.‏ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.

11ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،

تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،

خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستەڕاستی تۆدایە.