زەبوورەکان 149 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 149:1-9

زەبووری 149

1هەلیلویا!

گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،

ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.

2با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،

با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.

3با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،

بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،

4چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،

بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.

5با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،

با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.

6با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،

شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،

7بۆ ئەوەی تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،

گەلان سزا بدەن،

8بۆ ئەوەی پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،

کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،

9بۆ ئەوەی حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.

ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.

هەلیلویا.