زەبوورەکان 148 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 148:1-14

زەبووری 148

1هەلیلویا!

لە ئاسمانەوە ستایشی یەزدان بکەن،

لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.

2ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،

ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.

3ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،

ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.

4ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،

ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

5با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،

چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.

6هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،

فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

7لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،

ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،

8بروسکە و تەرزە، بەفر و تەم،

ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،

9چیاکان و هەموو گردەکان،

داری بەردار و هەموو ئورزەکان،

10گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،

خشۆک و باڵدار،

11پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،

میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،

12گەنجان و کچان،

پیران و منداڵان.

13با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،

چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،

شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.

14پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،

تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،

نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.