زەبوورەکان 146 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 146:1-10

زەبووری 146

1هەلیلویا!

ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.

2هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،

هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.

3نە پشت بە میرەکان ببەستن،

نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.

4کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،

لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە.

5خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و

هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،

6دروستکەری ئاسمان و زەوی و

دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،

ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.

7دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،

نان دەداتە برسییەکان.

یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،

8یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،

یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،

یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.

9یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،

یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،

بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.

10یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،

ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.

هەلیلویا.