زەبوورەکان 145 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 145:1-21

زەبووری 145

ستایشێکی داود.

1بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،

هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

2هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،

هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

3یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،

مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.

4هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،

پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.

5دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،

منیش لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

6دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،

منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.

7یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،

گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.

8یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،

پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.

9یەزدان بۆ هەمووان چاکە،

بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

10ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،

خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.

11دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،

باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،

12تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،

هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.

13شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،

فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.

یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،

خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

14یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،

ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.

15چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،

تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.

16دەستت دەکەیتەوە و

ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.

17یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،

خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.

18یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،

لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.

19ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،

گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.

20یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،

بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

21دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،

با هەموو گیاندارێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.