زەبوورەکان 144 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 144:1-15

زەبووری 144

زەبوورێکی داود.

1ستایش بۆ یەزدان، تاشەبەردی من،

ئەوەی مەشق بە دەستم دەکات بۆ شەڕ،

پەنجەکانم بۆ جەنگ.

2ئەو خودای خۆشەویستم و قەڵامە،

پەناگا و دەربازکەرە بۆم،

قەڵغانمە و پشتم بەو بەستووە،

ئەوەی گەلەکانی خستووەتە ژێر ڕکێفم.

3ئەی یەزدان، مرۆڤ چییە هەتا گرنگی پێبدەیت؟

کوڕی مرۆڤ چییە هەتا تۆ بیری لێ بکەیتەوە؟

4مرۆڤ لە هەناسەیەک دەچێت،

ڕۆژگاریشی وەک سێبەرێکی تێپەڕیوە.

5ئەی یەزدان، ئاسمانەکەت لێکبکەوە و وەرە خوارەوە،

دەست بدە چیاکان و دووکەڵ دەکەن.

6چەخماخە بدە و دوژمنەکانم پەرت بکە،

تیرت تێگرە و بیانبەزێنە.

7لە بەرزاییەوە دەستت درێژ بکە،

فریام بکەوە و دەربازم بکە،

لە ئاوی زۆر و لە دەستی بێگانە،

8ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،

سوێندخواردنیان ساختەیە.

9ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،

بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،

10بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،

ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.

11دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،

ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،

سوێندخواردنیشیان ساختەیە.

12ئیتر کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان

وەک نەمامی گەشەکردوو دەبن،

کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی

گۆشەی کۆشک دەبن.

13ئەمبارەکانمان پڕ دەبن

لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،

مەڕەکانمان یەکە و هەزار و

بە دەیان هەزار دەبن لەناو کێڵگەکانمان،

14گایەکانمان باری قورس ڕادەکێشن.

بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،

شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نایێت!

15خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،

خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.