زەبوورەکان 143 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 143:1-12

زەبووری 143

زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە،

گوێ لە پاڕانەوەم بگرە،

بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت

وەڵامم بدەوە.

2لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی،

چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.

3دوژمن ڕاوم دەنێت،

ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە،

لەناو تاریکی داینیشاندووم

وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.

4ڕۆحم بێ ورە دەبێت،

لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.

5ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم،

لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە،

سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.

6دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە،

گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.143‏:6 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

7ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە،

ڕۆحم لەناودەچێت،

ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،

ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.

8با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت،

چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم.

ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر،

چونکە گیانی خۆم بە تۆ دەسپێرم.

9ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە،

هانا بۆ تۆ دەهێنم.

10فێرم بکە بە ڕەزامەندیی تۆ کار بکەم،

چونکە تۆ خودای منی.

با ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم بکات

لە زەوییەکی ڕاست.

11ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە،

بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.

12بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە،

هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن،

چونکە من خزمەتکاری تۆم.