زەبوورەکان 141 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 141:1-10

زەبووری 141

زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!

گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.

2با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت،

دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.

3ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم،

دەرگای لێوەکانم بپارێزە.

4وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،

نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،

لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛

با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم.

5با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە،

با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،

سەرم لاری نییە،

چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.

6ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،

ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.

7وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،

ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.

8بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،

پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.

9بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،

لە تەڵەی بەدکاران.

10با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،

لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.