زەبوورەکان 140 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 140:1-13

زەبووری 140

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە،

لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،

2ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و

هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.

3زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە،

ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.140‏:3 لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتەکانی 5 و 8، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏

4ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە،

لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،

ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.

5لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،

پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە،

لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.

6بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!»

ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.

7ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم،

لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.

8ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی،

لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت،

بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.

9با سەری ئەوانەی دەوریان داوم

بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،

10با پشکۆیان بەسەردا ببارێت،

بکەونە ناو ئاگرەوە،

بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.

11با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت،

با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.

12دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران،

ماف دەدات بە نەداران.

13بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن،

سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.