زەبوورەکان 139 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 139:1-24

زەبووری 139

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

1ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و

منت ناسی.

2هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،

لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.

3ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،

شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.

4ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،

تۆ بە تەواوی دەیزانی.

5لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،

دەستت دەخەیتە سەرم.

6ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،

لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

7بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟

بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟

8ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،

ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.

9ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،

ئەگەر لەوپەڕی دەریا139‏:9 مەبەستی لە ڕۆژئاوای دوورە.‏ نیشتەجێ بم،

10لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،

دەستی ڕاستت بە خۆیەوە دەمگرێت.

11ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،

ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»

12ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،

شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،

تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.

13تۆ ناخی منت دروستکردووە،

لەناو سکی دایکم منت چنیوە.

14ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی و سەرسوڕهێنەری دروستکراوم،

کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،

لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.

15ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،

کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،

لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.

16هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.

هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،

لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،

پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.

17ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!

کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!

18ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.

کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

19خودایە، خۆزگە بەدکارەکانت دەکوشت!

ئەی خوێنڕێژەکان، لێم دووربکەونەوە!

20ئەوانەی بە خراپە باست دەکەن،

سکاڵاکاران بەبێ هۆ لێت هەستاون!

21ئەی یەزدان، ئایا ڕقم لەوانە نەبێت کە ڕقیان لە تۆیە؟

ئایا قێزم لەوانە نەبێتەوە کە لە دژی تۆ دەوەستن؟

22بە تەواوی ڕقم لێیانە،

بوون بە دوژمنم.

23خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!

تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.

24سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،

ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.