زەبوورەکان 138 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 138:1-8

زەبووری 138

بۆ داود.

1بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،

لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.

2بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،

ستایشی ناوت دەکەم،

لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،

چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.

3ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،

ئازا و بوێرت کردم.

4ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،

کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.

5گۆرانی بەسەر کارەکانی یەزداندا دەڵێن،

چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.

6هەرچەندە یەزدان پایەبەرزە، دەڕوانێتە کەسی بێفیز و

لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.

7ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،

دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،

بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.

8یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،

واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.