زەبوورەکان 130 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 130:1-8

زەبووری 130

گۆرانی گەشتیاران.

1ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!

2ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!

با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.

3ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،

ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟

4بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،

بۆ ئەوەی لێت بترسین.

5چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،

هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.

6گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،

زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،

زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.

7ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،

چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،

توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.

8هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە

لە هەموو گوناهەکانی.