زەبوورەکان 129 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 129:1-8

زەبووری 129

گۆرانی گەشتیاران.

1«لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!»

با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:

2«لە گەنجییەتیم زۆر هەراسانیان کردم!

بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.

3جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و

هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»

4بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،

پەتی بەدکارانی پچڕاند.

5با هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە

ڕیسوا بن و ببەزن.

6با بە دەردی گیای سەربان بچن،

پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،

7ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و

نە باوەشی گیشەکەر129‏:7 ئەو کەسەیە کە لەدوای دروێنەکەران گوڵە گەنمەکان بە باوەش کۆدەکاتەوە.‏.

8با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:

«بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!

بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»