زەبوورەکان 124 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 124:1-8

زەبووری 124

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

1«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»

با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،

2«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،

کاتێک خەڵک لێمان هەستان،

3ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،

کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،

4ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،

لێشاو گیانمانی دەبرد،

5ئەوا ئاوی هەڵچوو

گیانمانی دەبرد.»

6ستایش بۆ یەزدان،

کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.

7گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،

داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.

8هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،

دروستکەری ئاسمان و زەوی.