زەبوورەکان 119 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 119:1-176

زەبووری 119

א (ئەلف)119‏:1 ڕێکخستنی پیتەکان بەپێی ڕێکخستنی عیبرییە ئەلف، بێت، گیمێل‏… هتد، لە دەقە عیبرییەکە سەری دێڕەکان بەو پیتە دەستپێدەکەن کە لەژێر بەشی ئەو پیتەن.‏

1خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە ڕێگایان تەواوە،

ئەوانەی بەپێی فێرکردنی یەزدان دەڕۆن.

2خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە یاساکەی پەیڕەو دەکەن،

بە هەموو دڵەوە ڕوو لە خودا دەکەن.

3هەروەها خراپە ناکەن و

بە ڕێگای ئەودا دەڕۆن.

4تۆ ڕێنماییەکانت داوە،

بۆ ئەوەی خەڵک بە تەواوی گوێڕایەڵی بن.

5خۆزگە ڕێگاکانم بچەسپابوونایە

لە بەجێگەیاندنی فەرزەکانت!

6ئەو کاتە شەرمەزار نەدەبووم،

کە دەمڕوانییە هەموو ڕاسپاردەکانت.

7بە دڵی پاکەوە ستایشت دەکەم،

کاتێک فێری حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

8فەرزەکانت بەجێدەهێنم،

هەرگیز وازم لێ مەهێنە.

ב (بێت)

9گەنج بە چی هەڵسوکەوتی خۆی بێگەرد دەکات؟

بە پاراستنی وشەکانت.

10بە هەموو دڵەوە ڕوو لە تۆ دەکەم،

مەهێڵە لە ڕاسپاردەکانت گومڕابم.

11وشەکانی تۆم لەناو دڵم پاراستووە،

تاکو لە دژی تۆ گوناه نەکەم.

12ئەی یەزدان، ستایش بۆ تۆ!

فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

13بە لێوەکانی خۆم،

باسی هەموو حوکمەکانی دەمی تۆ دەکەم.

14بە پەیڕەوکردنی یاساکانت شاد دەبم،

وەک کەسێک سامانێکی زۆر دەبینێتەوە.

15لە ڕێنماییەکانت ورد دەبمەوە،

چاو دەبڕمە ڕێگاکانت.

16بە فەرزەکانت دڵخۆش دەبم،

وشەکانی تۆم لە یاد ناچێت.

ג (گیمێل)

17چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە،

تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم.

18چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم،

کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت.

19من نامۆم لە زەوی،

ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە.

20گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی

بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک.

21سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد،

کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون.

22ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە،

چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە.

23هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن،

بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە.

24یاساکانت شادمانی منن،

ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن.

ד (دالێت)

25گیانم بە خۆڵەوە نووساوە،

بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

26باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت،

فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

27ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە،

لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

28گیانم لە خەفەتان توایەوە،

بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە.

29ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە،

لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە.

30ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە،

حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم.

31دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم،

ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم!

32بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم،

چونکە دڵی منت ئازاد کرد.

ה (هێی)

33ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە،

هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم.

34تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم،

بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم.

35بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت،

چونکە دڵخۆشم دەکەن.

36دڵم بخەرە سەر یاساکانت،

نەک سەر قازانج.

37چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ،

لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە.

38بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی،

ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن.

39ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم،

چونکە حوکمەکانت چاکن.

40ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم،

بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە.

ו (ڤاڤ)

41ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،

ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،

42جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،

چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.

43وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،

چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.

44بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،

هەتاهەتایە و هەتاسەر.

45بە ئازادی دەڕۆم،

چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.

46لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،

شەرمەزاریش نابم.

47خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،

چونکە حەزم لێیانە.

48دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،

سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.

ז (زاین)

49پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،

چونکە هیوات پێم داوە.

50لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:

بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.

51لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،

بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.

52ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،

دڵنەواییم هاتەوە.

53لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،

ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.

54فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،

لە ماڵی ئاوارەییم.

55ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و

گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.

56ئەم نەریتە بۆ من بوو:

ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

ח (حێیت)

57ئەی یەزدان، تۆ بەشی منی،

بەڵێنم داوە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم.

58بە هەموو دڵەوە داوای ڕەزامەندی تۆ دەکەم،

بەپێی بەڵێنی خۆت لەگەڵم میهرەبان بە.

59لە ڕێگای خۆم ڕامام،

پێم بەرەو یاساکانت وەرگێڕایەوە.

60خێرا بووم و دوا نەکەوتم

لە بەجێگەیاندنی ڕاسپاردەکانت.

61گوریسی بەدکاران منیان بەستووەتەوە،

بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

62لە نیوەشەودا هەڵدەستم بۆ ئەوەی ستایشت بکەم

لەسەر حوکمە ڕاستودروستەکانت.

63من هاوڕێی هەموو ئەوانەم لە تۆ دەترسن،

لەوانەی ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەن.

64ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زەوی پڕکردووە،

فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

ט (تێیت)

65ئەی یەزدان، چاکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت کرد،

بەگوێرەی بەڵێنی خۆت.

66هەستی باش و زانینم فێر بکە،

چونکە باوەڕم بە ڕاسپاردەکانت هەیە.

67بەر لەوەی زەلیل بم گومڕا بووم،

بەڵام ئێستا گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەت دەبم.

68تۆ چاکیت و چاکەکاری،

فەرزەکانی خۆتم فێر بکە.

69لووتبەرزان درۆم بۆ هەڵدەبەستن،

بەڵام من بە هەموو دڵەوە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

70دڵیان وەک پیو بێ هەستە،

بەڵام فێرکردنت شادییە بۆ من.

71چاک بوو بۆ من کە زەلیل بم،

بۆ ئەوەی فێری فەرزەکانت بم.

72فێرکردنی دەمی تۆ

لە هەزار زێڕ و زیو باشترە بۆ من.

י (یۆد)

73دەستی تۆ دروستی کردم و دایڕشتم،

تێمبگەیەنە تاکو فێری ڕاسپاردەکانت بم.

74ئەوانەی لێت دەترسن شادمان دەبن کاتێک دەمبینن،

چونکە من هیوام بە بەڵێنی تۆ هەیە.

75ئەی یەزدان، زانیم کە حوکمەکانت ڕاستودروستە،

بە دڵسۆزی زەلیلت کردم.

76با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ دڵنەواییم بێت،

بەپێی بەڵێنەکەت بۆ خزمەتکارەکەت.

77با بەزەییت پێمدا بێتەوە بۆ ئەوەی بژیم،

چونکە فێرکردنی تۆ شادمانییە بۆ من.

78با لووتبەرزان شەرمەزار بن، چونکە بوختانیان بۆ هەڵبەستم،

بەڵام من سەرنج دەدەمە ڕێنماییەکانت.

79با ئەوانەی لێت دەترسن بگەڕێنەوە لای من،

ئەوانەی لە یاساکانی تۆ تێدەگەن.

80با دڵم تەواو بێت لە فەرزەکانت،

بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبم.

כ (کاف)

81گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە،

ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە.

82چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت،

دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟»

83هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە،

فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە.

84خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟

کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟

85لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە،

ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە!

86هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن،

فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە!

87خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن،

بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم.

88بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە،

یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم.

ל (لامد)

89ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،

لە ئاسمان چەسپاوە.

90دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،

زەویت دامەزراند و دەمێنێت.

91ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،

چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.

92ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،

بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.

93هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،

چونکە بەوان منت ژیاندەوە.

94من هی تۆم، ڕزگارم بکە،

چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.

95بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن،

بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.

96بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،

بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

מ (میم)

97چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!

بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.

98بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،

چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.

99لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،

چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.

100لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،

چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.

101پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،

بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.

102لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،

چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.

103بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،

لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.

104لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،

بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

נ (نون)

105وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم،

ڕووناکییە بۆ ڕێگام.

106سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،

کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.

107ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،

جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.

108ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە.

حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.

109هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،

بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.

110بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،

بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.

111یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،

چونکە ئەوان شادی دڵمن.

112دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،

هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.

ס (سامخ)

113ڕقم لە کەسانی دوودڵە،

حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

114تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،

هیوام بە بەڵێنی تۆیە.

115ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،

تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.

116بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،

لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.

117پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،

هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.

118هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،

چونکە فێڵەکەیان پووچە.

119هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،

بۆیە حەزم لە یاساکانتە.

120لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و

لە حوکمەکانت دەترسم.

ע (عەین)

121دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،

ڕادەستی زۆردارم مەکە.

122بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،

با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.

123چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،

بۆ بەجێهێنانی بەڵێنە ڕاستودروستەکەت.

124بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،

فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

125من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،

بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.

126ئەی یەزدان، کاتی کارکردنی تۆیە،

چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.

127لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم

زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،

128هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،

ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

פ (پێ)

129یاساکانت سەرسوڕهێنەرە،

بۆیە گیانم پەیڕەویان دەکات.

130ڕوونکردنەوەی فەرمایشتەکانت ڕووناکی دەبەخشێت،

تێگەیشتنیش بە نەزانەکان.

131دەمم کردەوە و هەناسەبڕکێمە،

چونکە پەرۆشی ڕاسپاردەکانی تۆم.

132ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،

وەک نەریتی خۆت بۆ ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت.

133هەنگاوەکانم لەسەر وتەکەت بچەسپێنە،

مەهێڵە هیچ گوناهێک بەسەرمدا زاڵ بێت.

134لە زۆرداری مرۆڤ بمکڕەوە،

بۆ ئەوەی ڕێنماییەکانی تۆ پەیڕەو بکەم.

135ڕووت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێنەوە،

فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.

136جۆگەی ئاو لە چاوەکانم دادەڕژێت،

چونکە فێرکردنت پەیڕەو ناکرێت.

צ (تسادێ)

137ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت،

حوکمەکانت ڕاستن.

138ئەو یاسایانەی دەرتکردووە ڕاستودروستن و

بە تەواوی جێی متمانەن.

139دڵگەرمیم سووتاندمی،

چونکە دوژمنانم فەرمانەکانی تۆیان لەبیر کردووە.

140بەڵێنی تۆ زۆر تاقیکراوەتەوە،

خزمەتکارەکەت حەزی لێیەتی.

141من بچووک و ڕیسوام،

بەڵام ڕێنماییەکانت لە یاد ناکەم.

142ڕاستودروستیت هەتاهەتایی تەواوە و

فێرکردنت ڕاستە.

143تەنگانە و ناخۆشیم تووش بووە،

بەڵام ڕاسپاردەکانت شادی منن.

144یاساکانت هەتاهەتایە ڕاستودروستن،

تێمبگەیەنە بۆ ئەوەی بژیم.

ק (قۆف)

145پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە،

فەرزەکانت بەجێدەهێنم.

146هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە!

یاساکانت پەیڕەو دەکەم.

147پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم،

ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە.

148بە درێژایی شەو بەئاگام،

بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە.

149بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە،

ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت119‏:149 مەبەست لە بڕیاری خودایە بەگوێرەی پەیمانی خۆی بۆ بەخشینی ژیانی هەتاهەتایی بۆ بێتاوانکراوان.‏ بمژیێنەوە.

150پیلانگێڕان نزیک بوونەوە،

لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە.

151بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت،

هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن.

152لەمێژە لە یاساکانت دەزانم،

کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە.

ר (ڕێیش)

153سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە،

چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم.

154پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە،

بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە.

155ڕزگاری لە بەدکاران دوورە،

چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن.

156ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە،

بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە.

157دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن،

بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە.

158ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە،

چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون.

159ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە،

ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە.

160هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە،

هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.

ש (شین)

161میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە،

بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت.

162بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم،

وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت.

163ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە،

بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە.

164ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم،

بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت.

165ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن،

هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ.

166ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە،

ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم.

167گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات،

چونکە زۆر حەزم لێیەتی.

168ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم،

چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن.

ת (تاو)

169ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت،

بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە.

170با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت،

بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە.

171با لێوم ستایشی لێ بڕژێت،

چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت.

172با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ،

چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن.

173با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم،

چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە.

174ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ،

فێرکردنت شادی منە.

175با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم،

حوکمەکانت یارمەتیم بدات.

176وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم،

بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ،

چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.