زەبوورەکان 118 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 118:1-29

زەبووری 118

1ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

2با ئیسرائیل بڵێ:

«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

3با بنەماڵەی هارون بڵێن:

«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

4با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن:

«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

5لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد،

بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم.

6یەزدان لەلای منە، ناترسم،

مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟

7یەزدان لەلای منە، ئەو یارمەتیدەری منە،

سەرکەوتووانە تەماشای ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە.

8پەنابردنە بەر یەزدان باشترە

لە پشتبەستن بە مرۆڤ.

9پەنابردنە بەر یەزدان باشترە

لە پشتبەستن بە میران.

10هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان دام،

بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

11ئابڵوقەیان دام و دەوریان گرتم،

بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

12وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵان،

وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە،

بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن.

13توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم،

بەڵام یەزدان یارمەتی داوم.

14یەزدان هێز و گۆرانی منە،

یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.

15دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:

«دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،

16دەستی ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،

دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»

17من نامرم، بەڵکو دەژیم و

باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.

18یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،

بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.

19دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،

پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.

20ئەم دەرگایە هی یەزدانە،

ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.

21ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،

بۆم بووی بە ڕزگاری.

22ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە

بوو بە گرنگترین بەردی بناغە118‏:22 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏.

23ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،

لەبەرچاومان سەیرە.

24ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،

با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.

25ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە،

ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە.

26پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت،

لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین.

27یەزدان خودامانە و

ئەو ڕووناکی خۆی بەسەرماندا درەوشاندەوە.

قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە

بە قۆچەکانی قوربانگا.

28تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم،

تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم.

29ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.