زەبوورەکان 113 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 113:1-9

زەبووری 113

1هەلیلویا!

ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،

ستایشی ناوی یەزدان بکەن.

2با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،

لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

3لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،

با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.

4یەزدان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوەیە،

شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.

5کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،

6ئەوەی دەچەمێتەوە

هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟

7ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،

کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،

8بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،

لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.

9ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،

دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.

هەلیلویا!