زەبوورەکان 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 11:1-7

زەبووری 11

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

1من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،

ئیتر چۆن ئێوە پێم دەڵێن:

«وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە،

2چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و

تیر دەخەنە بەر کەوان،

بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.

3کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،

کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

4یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،

تەختی یەزدان لە ئاسمانە،

تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و

چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.

5یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،

بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.

6پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،

گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

7لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و حەزی لە دادپەروەرییە،

کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی دەکات.