زەبوورەکان 107 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 107:1-43

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

زەبووری 107

1ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

2با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،

ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،

3لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،

لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە:

4هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،

ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.

5برسی و تینوو بوون،

گیانیان داهێزرا.

6ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،

ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.

7ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،

بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.

8با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،

بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

9چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،

گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

10هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ،

لە دیلیێتی ئازار و ئاسن،

11چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،

سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.

12لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،

کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.

13ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،

ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.

14لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،

کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.

15با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،

بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

16چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،

شیشە ئاسنەکانی شکاند.

17هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و

لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.

18قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،

لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.

19ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،

ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.

20فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،

لە فەوتان دەربازی کردن.

21با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،

بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

22با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،

بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.

23هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،

ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.

24ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،

کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.

25بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،

شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.

26بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،

گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.

27وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،

نازانن چی دەکەن.

28ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،

ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.

29ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،

شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.

30دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،

گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.

31با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،

بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

32با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،

لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.

33ڕووباری کردە بیابان و

سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،

34خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،

لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.

35بیابانی کردە گۆمە ئاو و

زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.

36برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،

شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.

37کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،

دەغڵیان بە بەروبووم بوو.

38بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،

ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.

39ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،

لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.

40ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،

لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.

41بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،

وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد.

42سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،

بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت.

43کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و

لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.