زەبوورەکان 106 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 106:1-48

زەبووری 106

1هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

2کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟

کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟

3خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،

ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.

4ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،

لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،

5بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،

بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،

بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.

6ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،

خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.

7کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،

لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،

یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،

بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور106‏:7 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏،

8بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،

بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.

9لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،

بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.

10لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،

لە دەست دوژمن کڕینیەوە.

11ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،

کەسیان دەرباز نەبوون.

12ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،

گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.

13بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو،

چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.

14بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا،

لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،

15ئەوەی داوایان کرد، پێیدان،

بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.

16لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و

بە هارونی تەرخانکراوی106‏:16 عیبری: پیرۆزی یەزدان بە واتای تەرخانکراو بۆ خزمەتی یەزدان وەک کاهین.‏ یەزدان.

17زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا،

بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا106‏:17 دوو کوڕی ئەلیئاب بوون لە نەوەی ڕئووبێن، بەشداری ئۆنی کوڕی فالتیان کرد لە یاخیبوونەکەی قۆرەح لە دژی موسا و هارون. بڕوانە سەرژمێری بەشی 16.‏ هاتەوەیەک.

18ئاگر بەربووە تاقمەکەیان،

گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.

19لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،

کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.

20شکۆیان106‏:20 مەبەستی لە شکۆی خودایە.‏ گۆڕییەوە

بە پەیکەری گای گیاخۆر.

21خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،

کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،

22پەرجووەکان لە وڵاتی حام،

کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.

23ئینجا فەرمووی لەناودەچن،

ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،

لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،

بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.

24خاکی خۆشییان بە سووک زانی،

باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.

25لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ،

گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.

26ئەویش سوێندی بۆ خواردن،

کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،

27نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و

لە خاکەکان پەرتیان بکات.

28پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە106‏:28 ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏،

ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون106‏:28 نەریتی کەنعانییەکان بوو، کاتێک یەکێکیان دەمرد، قوربانی پێشکەش بکەن و بخۆن و بخۆنەوە و سەما بکەن.‏.

29بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد،

دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.

30بەڵام فینەحاس106‏:30 کوڕی ئەلیعەزەری کوڕی هارونە، دڵگەرم بوو بۆ یەزدان بۆیە کاتێک زەمری کوڕی سالووای شمعۆنی لەگەڵ ژنە میدیانییەکە داوێنپیسی دەکرد هەردووکیانی کوشت، بەو شێوەیە ئەو بەڵایەی بەسەر جولەکەکان هاتبوو بڕایەوە. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏ هەستا و

کەوتە نێوانەوە و دەرد ڕاگیرا.

31بە ڕاستودروستی بۆی دانرا،

نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.

32لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و

موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،

33چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون،

قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.

34گەلەکانیان لەناونەبرد،

وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،

35بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون،

فێری نەریتەکانیان بوون.

36بتەکانی ئەوانیان پەرست و

بوو بە داو بۆیان.

37کوڕ و کچانی خۆیان

بۆ بتەکان106‏:37 بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏ سەربڕی.

38خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت،

خوێنی کوڕ و کچەکانیان،

ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین،

زەوی پیس بوو بە خوێن.

39گڵاو بوون بە کردەوەکانیان،

داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.

40لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،

قێزی لە میراتەکەی بووەوە.

41ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،

ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،

42دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،

زەلیلی ژێر دەستیان بوون.

43زۆر جار دەربازی کردن،

بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،

داڕووخان بە گوناهەکانیان.

44بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،

کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.

45لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،

بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.

46وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،

سکیان پێیان بسووتێت.

47ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،

لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،

بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و

شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،

لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!