زەبوورەکان 105 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 105:1-45

زەبووری 105

1ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،

کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.

2گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،

هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،

3شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،

با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.

4پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،

بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

5باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،

پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،

6ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،

ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.

7ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،

حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

8بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،

ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،

9ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،

ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.

10وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،

وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.

11فەرموویەتی: «خاکی کەنعان105‏:11 مەبەست لەو خاکەیە کە کەنعانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون، ئێستاش پێی دەگوترێت فەلەستین.‏ دەدەمە تۆ،

بەشە میراتی خۆتانە.»

12ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،

کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،

13لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،

لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.

14لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،

بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:

15«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم105‏:15 دەستنیشانکراوە: بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏ مەدەن،

خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»

16قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،

هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.

17کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،

یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،

18بە کۆت ئازاری پێیان دا،

زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،

19هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،

پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.

20پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،

فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.

21کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،

کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،

22بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،

پیرەکانی فێری دانایی بکات.

23جا ئیسرائیل هاتە میسر،

یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.

24بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن،

لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،

25ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە،

هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.

26موسای بەندەی خۆی نارد و

هارون ئەوەی هەڵیبژارد.

27لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو،

لە خاکی حام هێنایانە دی.

28تاریکی نارد و تاریک داهات،

میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.

29ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن،

ماسییەکانیانی کوشت.

30زەوی پڕبوو لە بۆق،

کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.

31بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات،

مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.

32بارانی کردن بە تەرزە،

ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.

33لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان،

درەختی سنوورەکانیانی شکاند.

34بە فەرمانی ئەو کوللە هات،

کوللەحاجی بێشومار،

35هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد،

بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.

36لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان،

یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.

37بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان،

لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.

38میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،

چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.

39هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،

ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.

40داوایان کرد، سوێسکەی105‏:40 سوێسکە: باڵندەیەکی بچووکە، لە شێوەی کەوە، لە پۆلێکی گەورەدا کۆچ دەکەن، لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن و هێلانەکانیشیان لەسەر زەوی دروستدەکەن. بڕوانە دەرچوون 16‏:13 هێنا،

نانی ئاسمانی تێری کردن.

41بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،

وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.

42لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،

بۆ ئیبراهیمی بەندەی.

43گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،

هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.

44خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،

بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،

45بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،

فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.