زەبوورەکان 104 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 104:1-35

زەبووری 104

1ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!

شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.

2وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،

وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،

3وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.

هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،

بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.

4بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،

بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.

5زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،

هەتاهەتایە نالەقێت.

6تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،

لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن.

7بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن،

لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،

8بەسەر چیاکان کەوتن و

شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،

بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.

9سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،

نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.

10کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە،

بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.

11هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن،

کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.

12باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات،

لەناو چڵەکان دەخوێنێت.

13لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت،

زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.

14گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،

سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،

بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.

15مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،

ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،

نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.

16درەختەکانی یەزدان تێر دەبن،

ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،

17ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات،

لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،

18چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی،

تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.

19مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان،

خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.

20تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو،

هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.

21بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن،

بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.

22کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە،

لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.

23مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری،

بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.

24ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!

هەموویت بە دانایی دروستکردووە،

زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.

25ئەم دەریا گەورە و فراوانە،

کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.

26لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،

لیڤیاتان104‏:26 جۆرە ئەژدیهایەکە، بڕوانە ئەیوب 41‏:1‏.‏، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،

بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،

28پێیان دەدەیت و وەریدەگرن،

دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.

29ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،

هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،

دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.

30کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،

ئەوان بەدیدەهێنرێن،

ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،

با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.

32ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،

دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،

تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.

34با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،

منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.

35بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،

با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا!104‏:35 وشەیەکی عیبرییە بە واتای (ستایشی یەزدان بکەن).‏