زەبوورەکان 103 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 103:1-22

زەبووری 103

گۆرانییەکی داود.

1ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،

هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.

2ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،

هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:

3ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،

لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،

4ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،

خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،

5ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،

تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

6یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،

دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

7ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،

کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:

8یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،

پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.

9تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،

تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.

10بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و

بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.

11وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.

12وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،

یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

13وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،

یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن،

14چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین،

لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.

15مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە،

وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات،

16بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت،

ئاسەواریشی دیار نابێت.

17بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و

هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،

ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،

18بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن،

ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.

19یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و

پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.

20ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،

ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن،

ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.

21ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن،

ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن.

22ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن

لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.