زەبوورەکان 102 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 102:1-28

زەبووری 102

نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.

1ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،

با هاوارم بگاتە لات.

2لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،

لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،

زوو وەڵامم بدەوە.

3ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،

ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.

4هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،

نانخواردنم لەبیر نەماوە.

5لە دەنگی ناڵەم

ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.

6وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا،

وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.

7ڕادەکشێم و

وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.

8بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،

ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.

9بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،

فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە،

10لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ،

چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.

11ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،

خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.

12تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،

نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.

13تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،

چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە.

14خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،

دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.

15هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،

هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت،

16چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،

بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.

17ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،

نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.

18ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت،

تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:

19«یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ،

لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،

20بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت،

ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»

21جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت،

لە ئۆرشەلیم ستایشی،

22کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان

پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.

23لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم،

ڕۆژگاری کورتکردم.

24گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە،

ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.

25لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،

ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.

26ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،

هەموو وەک کراس کۆن دەبن،

وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن.

27بەڵام تۆ هەروەک خۆتی،

ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.

28کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و

نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»