زەبوورەکان 101 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 101:1-8

زەبووری 101

زەبوورێکی داود.

1گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دادپەروەریتدا دەڵێم،

ئەی یەزدان، سروودی ستایش بۆ تۆ دەڵێم.

2لە ڕێگای تەواوەتی وریا دەبمەوە.

کەی دێیت بۆ لام؟

بە دڵێکی تەواوەوە هەڵسوکەوت دەکەم،

لەناو ماڵی خۆم.

3شتی قێزەون لەپێش چاوم دانانێم.

ڕقم لە کاری یاخیبووانە،

قەت بە منەوە نانووسێت.

4دڵی خواروخێچ لە من دوور دەبێت،

پەیوەندیم بە بەدکارییەوە نابێت.

5ئەوەی بەدزییەوە بوختان بە کەسێک بکات،

دەمکوتی دەکەم،

لەگەڵ لووتبەرز و دڵ پڕ لە فیز

بەرگە ناگرم.

6چاوم لە سەرڕاستانی زەوییە بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆم دایاننیشێنم،

ئەوانەی ڕێگای تەواوەتییان گرتووە خزمەتم دەکەن.

7ئەوەی بە فێڵ ئیش بکات، لە ماڵی من دانانیشێت،

ئەوەی درۆ بکات، لەبەرچاوی من ناوەستێت.

8بەیانییان زوو هەموو بەدکارەکانی زەوی

دەمکوت دەکەم،

لە شاری یەزدان ڕیشەکێشیان دەکەم،

هەموو ئەوانەی گوناهبارن.