زەبوورەکان 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

زەبوورەکان 10:1-18

زەبووری 10

1ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟

بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

2بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،

گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.

3کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،

داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.

4بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،

هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»

5هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،

لە حوکمەکانی خودا ناگات،

ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.

6لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،

هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

7دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،

بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.

8لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،

خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.

9وەک شێر خۆی مات دەکات،

خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،

بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.

10نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،

دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.

11لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،

چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

12ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،

ستەملێکراوان لەبیر مەکە.

13چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟

بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»

14بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،

لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،

ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،

تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.

15بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،

تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

16یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،

نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.

17ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،

دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،

18بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،

تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.