دەرچوون 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 9:1-35

کارەساتی پێنجەم: دەردی مەڕوماڵات

1یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“ 2ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن، 3ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن. 4بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»

5یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.» 6بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد. 7فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.

کارەساتی شەشەم: دومەڵ

8ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات. 9دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»

10ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ. 11جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکانی دا. 12بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.

کارەساتی حەوتەم: تەرزە

13یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن. 14ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە. 15دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە. 16بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت. 17تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن. 18لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا. 19ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»

20ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن. 21بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.

22ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.» 23ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر. 24بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە. 25تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند. 26تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.

27فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین. 28لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»

29موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە. 30بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»

31کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو. 32بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون، چونکە درەنگ پێدەگەن.

33موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی. 34کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد. 35ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.