دەرچوون 40 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 40:1-38

هەڵدانی چادرەکەی پەرستن

1یەزدان بە موسای فەرموو: 2«لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە. 3سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە. 4مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە. 5قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ.

6«قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دابنێ لەناو چادری پەرستن. 7حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە. 8حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دابنێ.

9«زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت. 10پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز. 11حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە.

12«هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. 13ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات. 14کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە، 15دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.» 16موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.

17لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا. 18موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت. 19ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

20تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا. 21ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

22مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە. 23نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

24چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن. 25چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

26قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و 27بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

28پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا. 29قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا، کە دەکاتە چادری پەرستن، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن، 31بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن. 32لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

33حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.

شکۆمەندی یەزدان

34ئینجا هەورێک چادری چاوپێکەوتنی داپۆشی و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد. 35لەبەر ئەوە موسا نەیتوانی بچێتە ژوورەوە بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، چونکە هەور هاتە سەری و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.

36بە درێژایی ماوەی کۆچەکەیان، هەر کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن. 37بەڵام ئەگەر هەورەکە بەرزنەبووایەوە، کۆچیان نەدەکرد هەتا ڕۆژی بەرزبوونەوەی، 38چونکە هەوری یەزدان بە ڕۆژ لەسەر چادرەکەی پەرستن بوو، بە شەویش ئاگری تێدابوو، لەبەرچاوی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە هەموو کۆچەکانیان.