دەرچوون 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 4:1-31

نیشانە بۆ موسا

1موسا وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی ئەگەر بڕوایان پێ نەکردم و گوێیان لە قسەکانم نەگرت و گوتیان ”یەزدان بۆت دەرنەکەوتووە“؟»

2یەزدانیش پێی فەرموو: «ئەوە چییە لە دەستت؟»

ئەویش گوتی: «گۆچان.»

3فەرمووی: «فڕێیبدە سەر زەوی.»

ئەویش فڕێیدایە سەر زەوی و بوو بە مار. ئیتر موسا لەبەری هەڵات. 4ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەست درێژبکە و کلکی بگرە.» جا دەستی درێژکرد و گرتی و بووەوە بە گۆچان لە دەستیدا. 5«بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە یەزدان بۆت دەرکەوتووە، خودای باوکانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»

6هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «دەستت بخەرە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول4‏:6 گول: لە زمانی عیبری ئەم وشەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکارهاتووە.‏ بووە و وەک بەفری لێهاتووە.

7ئینجا فەرمووی: «دەستت بخەرەوە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەک هەموو بەشەکانی لەشی لێهاتووەتەوە.

8«بەم شێوەیە ئەگەر بڕوایان پێ نەکردیت و گرنگی بە نیشانەی یەکەم نەدا، ئەوا گرنگی بە نیشانەی دووەم دەدەن. 9بەڵام ئەگەر بڕوایان بەو دوو نیشانەیە نەکرد و گوێیان لە قسەکانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێک لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشکانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشکانی دەبێتە خوێن.»

10موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»

11یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟ 12ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»

13بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»

14تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت. 15لەگەڵی دەدوێیت و وتەکان دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن. 16ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا. 17ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»

گەڕانەوەی موسا بۆ میسر

18ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»

یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»

19یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» 20ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.

21یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنجی هەموو ئەو پەرجووانە4‏:21 پەرجوو: موعجیزە.‏ بدە کە لەسەر دەستی تۆ لەبەردەم فیرعەوندا دەکرێن، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن. 22بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە، 23پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»

24ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات4‏:24 تووشی هات: دەشێت موسا یان گێرشۆمی کوڕەکەی بێت.‏ و ویستی بیکوژێت. 25بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی4‏:25 پێیەکانی: دەشێت پێیەکانی موسا یان پێیەکانی گێرشۆمی کوڕەکەی بێت.‏ دا و گوتی: «بێگومان تۆ زاوای خوێنی بۆ من.» 26ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.

27یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد. 28ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی ئەنجامدانی پێدابوو.

29موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە. 30هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد. 31ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.