دەرچوون 37 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 37:1-29

سندوقی پەیمان

1بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.37‏:1 سندوقەکە: درێژییەکەی نزیکەی 1,1 مەتر و پانییەکەی و بەرزاییەکەشی 70 سانتیمەتر. بڕوانە 25‏:10.‏ 2ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد. 3چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. 4دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. 5دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.

6قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو37‏:6 نزیکەی 1,1 مەتر.‏ درێژییەکەی و باڵ و نیوێک37‏:6 نزیکەی 70 سانتیمەتر.‏ پانییەکەی بوو. 7دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد و کردی بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەوە. 8کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بوون. 9کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.

مێزەکە

10مێزەکەیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.37‏:10 مێزەکە: درێژییەکەی نزیکەی 90، پانییەکەی 50 و بەرزییەکەی 70 سانتیمەتر.‏ 11بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان لە چواردەوری دروستکرد. 12لێوارێکیشیان بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا. 13چوار بازنەی زێڕینیشیان بۆ داڕشت، بازنەکانیان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا. 14بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 15دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 16قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە شەرابی پێشکەشکراویان پێ دەڕژێنرێت لە زێڕی بێگەرد دروستیان کردن.

چرادانەکە

17چرادانەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەیان لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون. 18شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 19سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون. 20هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو. 21هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو. 22گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.

23حەوت چراشیان بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشیان لە زێڕی بێگەرد بوون. 24چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانیان لە تالنتێک37‏:24 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگم.‏ زێڕی بێگەرد دروستکرد.

قوربانگاکەی بخوور

25قوربانگاکەی بخووریشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک37‏:25 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏ و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ37‏:25 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏ بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون. 26بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشیان کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشیان بە چواردەوردا بۆ دروستکرد. 27دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. 28دوو دارەکەشیان لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشیان کردن.

29زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.