دەرچوون 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 31:1-18

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، 3لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک. 4بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، 5بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک. 6من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە.

«توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت:

7«چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان،

قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی،

هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە

8مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی،

چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی،

قوربانگاکەی بخوور،

9قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی،

حەوزەکە و ژێرەکەی،

10هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان،

جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین

و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی،

11زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز.

«هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»

ڕۆژی حەسانەوە (شەبات)

12هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 13«تۆ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”دەبێت شەممەکانی31‏:13 لە زمانی عیبری بە وشەی شەبات‏ هاتووە، مەبەستی ڕۆژی حەسانەوەیە، کە ڕۆژی دوای شەش ڕۆژی بەدیهێنان خودا حەسایەوە، بڕوانە پەیدابوون 2‏:2.‏ من بپارێزن، چونکە نیشانەیە لەنێوان من و ئێوە بۆ نەوەکانتان هەتا بزانن کە من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکەم.

14«”شەممە بپارێزن، چونکە پیرۆزە بۆتان، ئەوەی گڵاوی بکات دەبێت بکوژرێت، چونکە هەرکەسێک لەو پشووەدا کارێک بکات ئەوا لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت. 15شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشوودانی شەممەیە، پیرۆزە بۆ یەزدان، هەرکەسێک لە ڕۆژی شەممە کار بکات دەبێت بکوژرێت. 16نەوەی ئیسرائیل شەممە بپارێزن، بۆ ئەوەی نەوەکانیان وەک پەیمانێکی هەتاهەتایی پەیوەست بن بە شەممەوە. 17لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»

18کاتێک کە لە شاخی سینا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ موسا، دوو تەختەکەی پەیمانی دایە موسا، تەختەی بەرد بوون و بە پەنجەی خودا نووسرا بوون.