دەرچوون 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 30:1-38

قوربانگای بخوور سووتاندن

1«قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە. 2درێژییەکەی باڵێک30‏:2 باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏ و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ30‏:2 دوو باڵ: نزیکەی 90 سانتیمەتر.‏، قۆچەکانیش لە خۆی بێت. 3بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە. 4دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. 5دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە. 6قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمانە، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.

7«هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت. 8هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان. 9هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن. 10هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»

زیوی کەفارەت

11یەزدان بە موسای فەرموو: 12«کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت. 13هەرکەسێک لە سەرژمێریکراوەکان پێویستە نیو شاقلە30‏:13 نیو شاقل: نزیکەی شەش گرام زیو.‏ بە شاقلی پیرۆزگا بدات، کە هەر شاقلێکیش بیست گێرایە30‏:13 یەک گێرا: نزیکەی 0‏،6 گرام؛ 20 گێرا: نزیکەی 12 گرام.‏. ئەم نیو شاقلە بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت. 14هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان. 15دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن. 16زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»

حەوزێک بۆ شوشتن

17هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18«حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە. 19هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن، 20لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، 21دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»

زەیتی دەستنیشانکردن

22هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23«تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل30‏:23 نزیکەی شەش کیلۆگرام.‏ ئاوی موڕ30‏:23 موڕ ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.‏ و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش، 24کاسیاش30‏:24 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.‏ پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک30‏:24 هەینێک: نزیکەی چوار لیتر.‏. 25بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن. 26ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان، 27لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و 28قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت. 29تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.

30«هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 31لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان. 32نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت. ئەم زەیتە پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت. 33هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.“»

بخوور

34هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن، 35بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز. 36هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان. 37ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، 38هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دادەبڕدرێت.»