دەرچوون 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 24:1-18

دووپاتکردنەوەی پەیمانەکە

1ئینجا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لای یەزدان، خۆت و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل، لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن. 2بەڵام تەنها موسا لە یەزدان نزیک دەبێتەوە و ئەوانی دیکە نزیک ناکەونەوە، خەڵکەکەش لەگەڵی سەر ناکەون.»

3موساش هات و هەموو وشەکانی یەزدان و هەموو یاساکانی بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە، هەموو گەلیش بە یەک دەنگ وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو وشانەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» 4موساش هەموو وشەکانی یەزدانی نووسی.

بەیانی زوو هەستا و قوربانگایەکی لەبن کێوەکە بنیاد نا لەگەڵ دوازدە ستوون بۆ دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل. 5لاوانی نەوەی ئیسرائیلیشی نارد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لە جوانەگاکان24‏:5 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏ بۆ یەزدان پێشکەش کرد. 6موسا نیوەی خوێنەکەی لەناو جامێک کرد و نیوەکەی دیکەشی بەسەر قوربانگاکەدا پرژاند. 7ئینجا پەڕتووکی پەیمانەکەی هەڵگرت و بۆ گەلی خوێندەوە، ئەوانیش گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین و گوێی لێ دەگرین.»

8ئینجا موسا خوێنەکەی هەڵگرت و بەسەر گەلدا پرژاندی و گوتی: «ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە24‏:8 ئەم خوێنە نیشانەی پەیمانبەستنی یەزدان بووە لەگەڵ گەلی ئیسرائیل.‏ کە یەزدان لەگەڵتانی بەستووە بەگوێرەی ئەم وشانە.»

9دواتر موسا و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل سەرکەوتن و 10خودای ئیسرائیلیان بینی، لەژێر پێیەکانی شتێکی وەک بەردڕێژکراویان بینی بە بەردی یاقووتی شین24‏:10 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت.‏ و وەک ئاسمانی ساماڵ لە بێگەردی. 11بەڵام دەستی بۆ پیاوماقوڵانی نەوەی ئیسرائیل درێژ نەکرد. خودایان بینی، ئینجا خواردیان و خواردیانەوە.

12یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، ڕاسپاردەکانی تەورات و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»

13ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت. 14بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»

15ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی. 16شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد. 17دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل. 18ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.