دەرچوون 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 22:1-31

پاراستنی موڵک

1«کاتێک کەسێک گایەک یان بەرخێک دەدزێت، سەری بڕی یان فرۆشتی، ئەوا پێنج مانگا لە جێی گایەکە و چوار مەڕیش لە جێی بەرخەکە دەداتەوە.

2«ئەگەر دزەکە بە شەو بینرا خەریکی بڕین بوو و لێی درا و مرد، ئەوا مافی خوێنی نییە، 3بەڵام ئەگەر دوای خۆر هەڵاتن بوو ئەوا مافی خوێنی هەیە.

«دزێک دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئەگەر نەبوونیش بوو ئەوا دەفرۆشرێت. 4ئەگەر ئاژەڵە دزراوەکەی بە زیندوویی لە دەستی گیرا، لە گایەکەوە هەتا گوێدرێژێک و بەرخێک، ئەوا دووان لە جێیان دەداتەوە.

5«ئەگەر کەسێک ماڵاتی خۆی لەناو کێڵگە یان ڕەزەمێوێکدا بلەوەڕێنێت و ڕێگا بدات بچنە ناو کێڵگەی کەسێکی دیکە بلەوەڕێن، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی یان ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.

6«ئەگەر ئاگر دەربپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.

7«ئەگەر یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دابنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە. 8بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە. 9لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.

10«ئەگەر یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی، 11ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات. 12بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە. 13ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.

14«ئەگەر کەسێک داوای ئاژەڵێک لە دراوسێکەی بکات و لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە، 15بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.

بەرپرسیاریێتی کۆمەڵایەتی

16«ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراو هەڵبخەڵەتێنێت و لەگەڵی جووت بێت، ئەوا بۆ خۆی مارەی دەکات و مارەییش دەدات. 17ئەگەر باوکیشی ڕازی نەبوو بیداتێ، ئەوا زیوی بۆ دەکێشێت وەک مارەیی کچ.

18«ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.

19«ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت بێت دەبێت بکوژرێت.

20«ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ22‏:20 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏ بکرێت.

21«ستەم لە نامۆ مەکە و مەیچەوسێنەوە، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.

22«هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە. 23ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم. 24تووڕەییم هەڵدەستێت و بە شمشێر دەتانکوژم و ژنەکانتان دەبنە بێوەژن و منداڵەکانتان دەبنە هەتیو.

25«ئەگەر پارەت بە قەرز دا بە هەر هەژارێک لە گەلەکەم ئەوانەی لەلاتن، بۆی مەبە بە سووخۆر، سوودی مەخەرە سەر. 26ئەگەر کەوای دراوسێکەت بە بارمتە گرت، هەتا ئاوابوونی خۆر، بۆی دەگەڕێنیتەوە، 27چونکە ئەوە تاکە پۆشاکە کە دراوسێکەت هەیەتی. چی دیکەی هەیە بۆ نوستن؟ ئیتر کاتێک هاوارم بۆ دەکات، گوێدەگرم، چونکە من میهرەبانم.

28«سووکایەتی بە خودا مەکە و نەفرەت لە هیچ سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.

29«پێشکەشکردنی پڕی خەرمانەکەت و دڵۆپی گوشەرەکەت دوا مەخە.

«نۆبەرەی کوڕەکانت دەدەیتە من. 30هەمان شت دەکەیت بە گا و بەرخەکانت، حەوت ڕۆژ لەگەڵ دایکی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی هەشتەم دەیدەیتە من.

31«ئێوە دەبنە گەلێکی پیرۆز بۆ من، بۆیە گۆشتێک لە دەشتودەر بووبێت بە نێچیر مەیخۆن، بۆ سەگی فڕێبدەن.