دەرچوون 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دەرچوون 19:1-25

لە شاخی سینا

1دوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، ڕێک لە سەرەتای مانگی سێیەمدا گەیشتنە چۆڵەوانی سینا. 2لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا و لەوێ لەبەردەم کێوەکە لایاندا.

3موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت: 4”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا. 5ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە، 6بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.»

7موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو. 8هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.

9یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.

10هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و 11ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. 12بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، نە نزیک کێوەکە بکەونەوە، نە دەست لە بنارەکەی بدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. 13ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا19‏:13 کەڕەنا لە شاخی بەران دروستکراوە، شێوازی لێدانی بە دەنگێکی بەهێز و بەردەوامە بە واتای نیشانەی نزیکبوونەوەیە لە کێوەکە.‏، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»

14موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. 15بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»

16ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین. 17ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە بناری کێوەکە ڕاوەستان. 18هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی. 19دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.

20یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەر کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت. 21یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن. 22هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

23موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»

24یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام با کاهینەکان و گەل هەوڵی سەرکەوتن نەدەن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

25ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.