دووەم کۆرنسۆس 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم کۆرنسۆس 6:1-18

1وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، 2چونکە دەفەرموێ:

﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،

لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾6‏:2 ئیشایا 49‏:8.‏

ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

خۆسەلماندنی پۆڵس

3لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، 4بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، 5لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، 6بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، 7لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، 8بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، 9وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

11ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.

پەرستگای خودای زیندوو

14لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا6‏:14 مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏ مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا6‏:15 مەبەستی لە شەیتانە.‏ هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:

﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و

لەگەڵیان دەڕۆم،

دەبم بە خودای ئەوان و

ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾6‏:16 لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏.‏

17﴿یەزدان دەفەرموێ:

لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و

بەجێیان بهێڵن.

دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،

ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾6‏:17 ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏.‏

18﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:

من دەبمە باوکی ئێوە و

ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾6‏:18 دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏.‏