دووەم پوختەی مێژوو 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 7:1-22

تەرخانکردنی پەرستگاکە

1کاتێک سلێمان لە نوێژکردن بووەوە، ئاگرێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییە سەربڕدراوەکانی دیکەشی هەڵلووشی و شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکرد. 2کاهینەکان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگای یەزدانەوە، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکردبوو. 3هەموو نەوەی ئیسرائیلیش تەماشایان دەکرد، کاتێک ئاگرەکە هاتە خوارەوە و شکۆی یەزدان بەسەر پەرستگاکەوە بوو، جا لەسەر شۆستەکە بە ڕوودا کەوتن و بەچۆکدا هاتن و کڕنۆشیان برد و سوپاسی یەزدانیان کرد، گوتیان:

«بێگومان خودا چاکە،

خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»

4ئینجا پاشا و هەموو گەلیش قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی. 5سلێمانی پاشا بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی کردە قوربانی. ئیتر پاشا و هەموو گەل پەرستگای خودایان تەرخان کرد. 6کاهینان لە شوێنی خزمەتەکەی خۆیان ڕاوەستابوون، هەروەها لێڤییەکانیش بە ئامێرە مۆسیقییەکانەوە کە داودی پاشا بۆ سوپاسکردنی یەزدان دروستی کردبوون بە هەمان شێوەی داود ستایشی پێ دەکردن، دەیانگوت: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» کاهینەکان بەرامبەریان کەڕەنایان لێدەدا، هەموو ئیسرائیلیش ڕاوەستابوون.

7هەروەها سلێمان ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پیوی قوربانییەکانی7‏:7 پیوی قوربانییەکانی یان بەزی قوربانییەکانی.‏ هاوبەشی7‏:7 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ پێشکەش کرد، چونکە ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە سلێمان دروستی کردبوو جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکان نەدەبووەوە.

8لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی زۆر گەورە. 9لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگیان گێڕا، چونکە لە حەوت ڕۆژدا تەرخانکردنی قوربانگاکەیان ئەنجام دا و جەژنیش حەوت ڕۆژ بوو. 10ئینجا سلێمان لە بیست و سێیەمین ڕۆژی مانگی حەوت گەلی بە شادمانی و دڵخۆشییەوە بۆ ماڵەوە بەڕێکرد، بەهۆی ئەو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داود و سلێمان و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی.

دەرکەوتنی یەزدان بۆ سلێمان

11پاش ئەوەی سلێمان پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی کە بەبیریدا هات لە پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بیکات تێیدا سەرکەوتوو بوو، 12یەزدان لە شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت و فەرمووی:

«گوێم لە نوێژەکەت بوو، ئەم شوێنەم هەڵبژارد تاکو ببێتە پەرستگای قوربانی بۆ من.

13«کاتێک ئاسمان دادەخەم و باران نابارێت و کاتێک فەرمان بە کوللە دەکەم بەروبوومی خاکەکە بخوات یان پەتا دەنێرمە ناو گەلەکەم، 14ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت، بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە، من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە. 15ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا. 16ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن.

17«تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت، 18ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“

19«بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن، 20ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان. 21ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“ 22ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“»