دووەم پوختەی مێژوو 33 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 33:1-25

پاشایەتی مەنەشە

1مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و 2لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. 3جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. 4چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.» 5لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. 6ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر33‏:6 نێوانگر: لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏ و ڕۆح ئامادەکاری33‏:6 ڕۆح ئامادەکار: بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏.‏ بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

7هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. 8جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.» 9بەڵام مەنەشە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

10یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت. 11ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل. 12لە تەنگانەدا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە. 13نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.

14پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفێل؛ هەروەها زۆر بەرزتری کردەوە. سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.

15خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدانی لابرد، هەروەها هەموو ئەو قوربانگایانەشی کە لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نابوو؛ هەموو ئەوانەی فڕێدایە دەرەوەی شارەکە. 16ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن. 17لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.

18ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل33‏:18 ئیسرائیل: مەبەستی لە یەهودایە، لێرە و لە زۆر شوێنی دیکە لە دووەم پوختەی مێژوو.‏ تۆمار کران. 19نوێژەکەی و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی خودا، لەگەڵ هەموو گوناه و ناپاکییەکانی، هەروەها ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی بێفیز بێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، هەمووی لە تۆمارەکانی ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودادا نووسراون. 20مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

21ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 22ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست. 23ئەو بە پێچەوانەی مەنەشەی باوکیەوە لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.

24خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان. 25ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.