دووەم پوختەی مێژوو 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 31:1-21

1پاش تەواوبوونی هەموو ئەمانە، تەواوی ئیسرائیل ئەوانەی کە ئامادە بوون چوونە ناو شارۆچکەکانی یەهودا، بەردە تەرخانکراوەکانیان شکاند و ستوونە ئەشێراکانیان بڕییەوە. لە تەواوی خاکی یەهودا و بنیامین و ئەفرایم و مەنەشە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانیان ڕووخاند، هەتا تەواو بوون. پاشان هەموو ئیسرائیل هەریەکە و گەڕایەوە بۆ موڵکەکەی خۆی لە شارۆچکەکانیان.

پیتاک بۆ خزمەتکردنی پەرستگا

2حەزقیا ئەرکی بە کاهین و لێڤییەکان سپارد، هەرکەسێک بەگوێرەی بەش و خزمەتەکەی وەک کاهین یان لێڤی، بۆ ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، قوربانی هاوبەشی، خزمەتکردن، سوپاسکردن و گوتنەوەی سروودی ستایشکردن لە دەروازەکانی نشینگەی یەزدان. 3پاشا بەشێکی لە سامانەکەی خۆشی دا بۆ قوربانی سووتاندنەکان، قوربانی سووتاندنەکانی بەیانییان و ئێواران و قوربانی سووتاندنەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان، بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان نووسراوە. 4هەروەها فەرمانی بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دا، کە بەشی کاهین و لێڤییەکان بدرێت هەتا بتوانن خۆیان تەرخان بکەن بۆ تەوراتی یەزدان. 5پاش ئەوەی ئەم فەرمانە بڵاو بووەوە، نەوەی ئیسرائیل بە دڵفراوانییەوە یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و هەنگوین و هەموو بەروبوومی کێڵگەیان بەخشی. زۆریان هێنا، دەیەک لە هەموو شتێک. 6هەروەها نەوەی ئیسرائیل و یەهودا ئەوانەی کە لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش دەیەکی مەڕوماڵاتەکەیان هێنا، دەیەکی شتە پیرۆزکراوەکان کە بۆ یەزدانی پەروەردگاریان تەرخانکراوە، هێنایان و کۆمەڵ کۆمەڵیان کرد. 7لە مانگی سێ دەستیان بە کۆکردنەوەیان کرد و لە مانگی حەوت کۆتاییان پێهێنا. 8کاتێک حەزقیا و سەرکردەکان هاتن و کۆمەڵەکانیان بینی، ستایشی یەزدانیان کرد، داوای بەرەکەتیان بۆ ئیسرائیلی گەلەکەی کرد.

9کاتێک حەزقیا لەبارەی کۆمەڵکراوەکانەوە پرسیاری لە کاهین و لێڤییەکان کرد، 10عەزەریای سەرۆکی کاهینیش کە سەر بە ماڵی سادۆق بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «لەو کاتەی دەستکراوە بە هێنانی پیتاک بۆ پەرستگای یەزدان، خواردوومانە و تێر بووین، زۆریشی لێ ماوەتەوە، چونکە یەزدان گەلەکەی خۆی بەرەکەتدار کردووە و ئەم بەشە زۆرەشی لێ ماوەتەوە.»

11حەزقیاش فەرمانی دا بۆ ئامادەکردنی ژووری ئەمبار لە پەرستگای یەزدان، ئەوانیش ئامادەیان کردن. 12ئینجا پیتاک و دەیەک و شتە تەرخانکراوەکانیان بە دەستپاکییەوە هێنا، کۆنەنیاهوی لێڤی لێپرسراویان بوو، شیمعی براشی جێگری بوو. 13یەحیێل، عەزەزیاهو، نەحەت، عەساهێل، یەریمۆت، یۆزاڤاد، ئەلیێل، یەسمەخیاهو، مەحەت و بەنایا سەرپەرشتیار بوون لەژێر دەستی کۆنەنیاهو و شیمعی برای، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کە حەزقیای پاشا و عەزەریای لێپرسراوی یەکەم لە پەرستگای خودا دایاننا.

14قۆرێی کوڕی یمنەی لێڤیش دەرگاوانی ڕۆژهەڵات و بەرپرسی بەخشینە ئازادەکان بوو کە بە خودا دەبەخشران، هەروەها دابەشکردنی31‏:14 بۆ کاهینان دابەش کراون، بڕوانە لێڤییەکان 7‏:14‏.‏ بەخشینە ئازادەکان و دیارییە تەرخانکراوەکان. 15لەناو شارەکانی کاهینان، عەدەن و مینیامین و یێشوع و شەمەعیا و ئەمەریا و شەخەنەیا بە دڵسۆزییەوە یارمەتی قۆرێیان دەدا. هەریەکە لە بەشی خۆی پێشکەشکراوەکانی بەسەر برا کاهینەکان دابەش دەکرد، بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووک.

16سەرباری ئەمانەش، دابەشیان کرد بەسەر نێرینەی تەمەن سێ ساڵ بەرەو سەرەوە، کە لە تۆماری ڕەچەڵەکدا نووسراون، واتا هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بەگوێرەی خزمەتی بەشەکانیان بە ئەرکی ڕۆژانەیان هەستن. 17دابەشکردن بەسەر کاهینان بەگوێرەی تۆماری ڕەچەڵەکی کاهینەکان بوو بەپێی بنەماڵەکانیان و بۆ لێڤییەکانیش لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بەپێی خزمەتی بەشەکانیان. 18بە هەمان شێوە بۆ تۆماری ڕەچەڵەکی هەموو ژن و منداڵ، کوڕ و کچەکانیان لەناو هەموو کۆمەڵەکە، چونکە بە دڵسۆزییەوە خۆیان تەرخان کرد.

19بۆ ئەو کاهینانەش کە لە دەشتی دەوروبەری شارەکانی کاهینان و شارۆچکەکانی دیکەش دانیشتبوون، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە نەوەی هارون بوون و لە ڕەچەڵەکی لێڤییەکان تۆمار کرابوون، ئەو پیاوانەی کە ناویان دیاری کرابوون بەشی هەموو نێرینەیەکی دابەش کرد.

20حەزقیا ئەمەی لە هەموو یەهودا کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی ئەوەی کرد کە چاک و ڕێک و ڕاستە. 21لە هەموو کارێک کە بەگوێرەی تەورات و فێرکردنەکانی لە خزمەتی پەرستگای یەزدان ئەنجامی دا، ڕووی لە خودا کرد و بە هەموو دڵییەوە کاری کرد، ئیتر سەرکەوتوو بوو.