دووەم پوختەی مێژوو 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 30:1-27

حەزقیا لە جەژنی پەسخە

1حەزقیا ناردی بەدوای هەموو خەڵکی ئیسرائیل و یەهودا، هەروەها نامەشی بۆ ئەفرایم و مەنەشە نووسی هەتا بێنە پەرستگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بگێڕن. 2پاشا و سەرکردەکانی و هەموو کۆمەڵەکە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان دا کە لە مانگی دوو جەژنی پەسخە بگێڕن، 3چونکە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا بیکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا کاهینەکان بە تەواوەتی خۆیان تەرخان نەکردبوو، گەلیش لە ئۆرشەلیم کۆنەببوونەوە. 4ئینجا پلانەکە لەبەرچاوی پاشا و هەموو کۆمەڵەکە پەسەند بوو. 5بڕیاریان دا لەناو هەموو ئیسرائیل لە بیری شابەعەوە هەتا دان بانگەواز بکەن، بۆ ئەوەی بێن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بگێڕن، چونکە زۆر دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسراوە نەیانکردبوو.

6بە فەرمانی پاشا پەیامبەرەکان بە نامەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی بەناو هەموو ئیسرائیل و یەهودا گەڕان و بەپێی فەرمانی پاشا دەیانگوت:

«ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە لای یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێتەوە لای ئەوانەی لێتان ماونەتەوە و لە چنگ پاشاکانی ئاشور دەربازبوون. 7وەک باوباپیرانتان و براکانتان مەبن، ئەوانەی ناپاکییان لەگەڵ یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان کرد، هەروەک دەبینن ئەویش وای کرد خەڵک بتۆقێت لەوەی بەسەر ئەوان هاتووە. 8ئێستا وەک باوباپیرانتان کەللەڕەقی مەکەن، بەڵکو ملکەچ بن بۆ یەزدان و بچنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوەی هەتاهەتایە تەرخانی کردووە. یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بۆ ئەوەی گڕی تووڕەییەکەی لە ئێوە دابمرکێتەوە. 9ئەگەر ئێوە بۆ لای یەزدان بگەڕێنەوە، ئەوا برا ئیسرائیلی و منداڵەکانتان لەلایەن ڕاپێچکەرانیان بەزەییان پێیاندا دێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان میهرەبان و بە بەزەییە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان ئەویش ڕەتتان ناکاتەوە.»

10پەیامبەرەکان شار بە شار دەگەڕان، لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە هەتا زەبولون، بەڵام خەڵکی پێیان پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکردن. 11هەرچەندە هەندێک کەس لە ئاشێر و مەنەشە و زەبولون خۆیان نزم کردەوە و چوونە ئۆرشەلیم. 12هەروەها خودا پشتگیری یەهودای کرد، یەک دڵی پێ بەخشین، هەتا بە فەرمانی پاشا و سەرکردەکان بکەن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان.

13لە مانگی دوو خەڵکانێکی زۆر لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە هەتا جەژنی فەتیرە بگێڕن، کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوون. 14هەستان و ئەو قوربانگایانەی لە ئۆرشەلیم بوون لایان بردن، هەروەها هەموو قوربانگاکانی بخوور سووتاندیان لابرد و فڕێیان دانە دۆڵی قدرۆن.

15لە چواردەی مانگی دوو بەرخی پەسخەیان سەربڕی.30‏:15 بڕوانە دەرچوون 12‏.‏ کاهین و لێڤییەکان شەرمەزار بوون و خۆیان تەرخان کرد، قوربانی سووتاندنەکانیان بردە ناو پەرستگای یەزدان. 16کاهینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاوەستان، بەو شێوەیەی کە بەپێی تەوراتی موسای پیاوی خودا بۆیان دانرابوو، خوێنەکەیان لە دەستی لێڤییەکان وەردەگرت و دەیانپرژاند. 17ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکە خۆیان تەرخان نەکردبوو، ئیتر لێڤییەکان بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی لە جیاتی هەموو ئەوانەی پاک نەبوون و نەیاندەتوانی بەرخەکەیان بۆ یەزدان تەرخان بکەن. 18هەرچەندە زۆربەی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە و یەساخار و زەبولونەوە هاتبوون خۆیان پاک نەکردبووەوە، بەڵام لە قوربانییەکەی پەسخەیان خوارد، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە. بەڵام حەزقیا نوێژی بۆ کردن و گوتی: «با یەزدانی چاک لە هەرکەسێک خۆشبێت 19کە بە هەموو دڵەوە ڕووی لە خودا کردووە، لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی، هەرچەندە بەپێی ڕێوڕەسمی پیرۆزگا پاک نەبێت.» 20ئیتر یەزدان گوێی لە حەزقیا گرت و گەلی چاککردەوە.

21نەوەی ئیسرائیل ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بوون حەوت ڕۆژ بە خۆشییەکی زۆرەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، لێڤی و کاهینەکانیش هەر ڕۆژێک بە دەنگی بەرزی ئامێرە مۆسیقییەکانیان ستایشی یەزدانیان دەکرد کە بۆ ستایشکردنی یەزدان تەرخانکرابوون.

22حەزقیاش دڵی هەموو ئەو لێڤییانەی خۆش کرد کە تێگەیشتنی چاکیان نواند لە خزمەتکردنی یەزدان. بە درێژایی ئەو حەوت ڕۆژە بەشی دیاریکراویان دەخوارد و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی و ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان دەکرد.

23پاشان هەموو کۆمەڵ ڕازی بوون کە حەوت ڕۆژی دیکە درێژە بە جەژنەکە بدەن، ئیتر حەوت ڕۆژی دیکە بە خۆشییەوە ئاهەنگیان گێڕا. 24حەزقیای پاشای یەهودا هەزار گا و حەوت هەزار مەڕ و بزنی بە کۆمەڵەکە بەخشی و سەرکردەکانیش هەزار گا و دە هەزار مەڕ و بزنیان بە کۆمەڵەکە بەخشی، زۆر لە کاهینەکانیش خۆیان تەرخان کرد. 25هەموو کۆمەڵی یەهودا، کاهین و لێڤییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ئیسرائیلەوە هاتبوون دڵخۆش بوون، لەگەڵ ئەو بیانییانەی لە خاکی ئیسرائیلەوە هاتبوون و ئەوانەش کە لە یەهودا نیشتەجێ بوون. 26جا لە ئۆرشەلیم خۆشییەکی گەورە هەبوو، چونکە لە سەردەمی سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیلەوە، شتی بەو جۆرە لە ئۆرشەلیم نەکرابوو. 27ئینجا کاهینە لێڤییەکان هەستان و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد، ئینجا لەلایەن خوداوە دەنگیان بیسترا و نوێژەکانیان چووە ژوورەوە بۆ ناو نشینگەی پیرۆز لە ئاسمان.