دووەم پوختەی مێژوو 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 23:1-21

1لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع خۆی بەهێز کرد و پەیمانی بەست لەگەڵ فەرماندەی یەکەی سەدان، عەزەریای کوڕی یەرۆحام و ئیسماعیلی کوڕی یەهۆحانان و عەزەریای کوڕی عوبێد و مەعسێیاهوی کوڕی عەدایا و ئەلیشافاتی کوڕی زکری. 2ئەوانیش بەناو یەهودا گەڕان و لێڤییەکانیان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا کۆکردەوە، لەگەڵ گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل و هاتن بۆ ئۆرشەلیم. 3ئینجا هەموو کۆمەڵەکە لەناو پەرستگای خودا پەیمانێکیان لەگەڵ پاشادا بەست.

یەهۆیاداع پێی گوتن: «کوڕەکەی پاشا دەبێت بە پاشا هەروەک چۆن یەزدان لەبارەی نەوەی داودەوە فەرمووی. 4ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، سێیەکی ئێوە لە کاهین و لێڤییەکان کاتێک لە شەممەکاندا دەچنە ژوورەوە، با دەرگاوانی دەرگاکان بن، 5سێیەکیش لە کۆشکی پاشا و سێیەکیش لە دەروازەی بناغەکە، هەموو گەلیش لە حەوشەکانی پەرستگای یەزدان دەبن. 6جگە لەو کاهین و لێڤییانەی کە نۆرەی بەشەکانیانە بۆ خزمەت، با کەس نەچێتە ناو پەرستگای یەزدان، چونکە ئەوان تەرخانکراون و با هەموو گەلیش فەرمانەکانی یەزدان بەجێبگەیەنن. 7لێڤییەکان با چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە پەرستگاکەوە دەکوژرێت، لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»

8پاش ئەوە لێڤییەکان و هەموو یەهودا ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەی لەسەر ئەرک نین، چونکە یەهویاداعی کاهین کەسی بەڕێ نەکرد. 9هەروەها یەهۆیاداع ڕمەکان و قەڵغانە گەورە و بچووکەکانی داودی پاشا، ئەوانەی کە لە پەرستگای خودا بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان و 10هەموو پاسەوانەکانی، هەریەکە چەکەکەی بە دەستیەوە لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور بە چواردەوری قوربانگاکە و پەرستگاکەدا، لە دەوری پاشا ڕاوەستاند.

11ئەو کاتە کوڕەکەی پاشایان هێنایە دەرەوە و تاجەکەیان لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەیان دایێ و کردیانە پاشا، یەهۆیاداع و کوڕەکانیشی دەستنیشانیان کرد و گوتیان: «بژی پاشا.»

12کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی گەل بوو ڕادەکەن و ستایشی پاشا دەکەن، هاتە لای گەل کە لە پەرستگای یەزدان بوون، 13تەماشای کرد وا پاشا لە دەروازەکەدا لەلای کۆڵەکەکەی ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. گۆرانیبێژەکان بە ئامێرەکانی مۆسیقا سەرپەرشتی ستایشکردنیان دەکرد. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ناپاکییە! ناپاکییە!»

14یەهۆیاداعی کاهینیش فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکری نارد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن،» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «لەناو پەرستگای یەزدان مەیکوژن.» 15ئیتر کە گەیشتە شوێنی هاتنە ژوورەوەی کۆشکی پاشا گرتیان و لەوێ لەلای دەروازەی ئەسپەکان کوشتیان.

16یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان خۆی و هەموو گەل و پاشادا بەست، تاکو ببنە گەلی یەزدان. 17هەموو گەل هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.

18ئینجا یەهۆیاداع چاودێریکردنی پەرستگای یەزدانی دایە دەست کاهینە لێڤییەکان، ئەوانەی داود لە پەرستگای یەزداندا دابەشی کردن بۆ سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکانی یەزدان، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بە خۆشی و گۆرانییەوە لەسەر دەستی داود. 19هەروەها دەرگاوانی بۆ دەرگاکانی پەرستگای یەزدان دانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن هیچ کەسێک کە بە هەر شتێک گڵاو بووبێت، بێتە ژوورەوە.

20پاشان فەرماندەی سەدان و میرەکان و دەسەڵاتداران بەسەر گەل و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشای لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە و بەناو دەروازەی سەرەوەدا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا و پاشایان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانا. 21هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان بە شمشێر کوشت.