دووەم پوختەی مێژوو 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 22:1-12

پاشایەتی ئەحەزیا

1دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئەحەزیای بچووکترین کوڕی یەهۆرامیان لە جێی ئەو کردە پاشا، چونکە هەموو ئەوانی پێش ئەم بە دەستی چەتەکان کوژران، ئەوانەی لەگەڵ عەرەبەکاندا هاتنە ناو ئۆردوگاکەوە. لەبەر ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهودا بوو بە پاشا.

2ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری بوو.

3ئەحەزیا ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە دایکی هانی دەدا کاری خراپە بکات. 4ئەویش هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە لەدوای مردنی باوکی ئەوان ڕاوێژکاری بوون و بوونە هۆی لەناوبردنی. 5هەروەها بە ڕاوێژی ئەوانی کرد و لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیلدا چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد. ئارامییەکان یۆرامیان پێکا، 6لەبەر ئەوە گەڕایەوە یەزرەعیل تاکو لەوێ لەو برینانەی چاک بێتەوە کە لە ڕامۆت22‏:6 ڕامۆت: عیبری: ڕاما‏.‏ لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکرابوو.

لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.

7جا لەناوچوونی ئەحەزیا لەلای خوداوە بوو بە هاتنی بۆ لای یۆرام. کاتێک کە هات لەگەڵ یۆرامدا چوون بۆ لای یێهوی کوڕی نیمشی، ئەوەی یەزدان بۆ بنبڕکردنی ماڵی ئەحاڤ دەستنیشانی کرد. 8ئەوە بوو کاتێک یێهو سزای دادوەرانەی بەسەر ماڵی ئەحاڤدا دەدا، تووشی بوو بە تووش سەرکردەکانی یەهودا و برازاکانی ئەحەزیاوە ئەوانەی خزمەتی ئەحەزیایان دەکرد و کوشتنی. 9ئینجا بەدوای ئەحەزیادا گەڕا و لە سامیرە پیاوەکانی دەستگیریان کرد، کە خۆی شاردبووەوە، هێنایان بۆ لای یێهو و کوشتیان و ناشتیان، چونکە گوتیان: «ئەو لە نەوەی یەهۆشافاتە ئەوەی بە هەموو دڵییەوە ڕووی لە یەزدان کرد.» ئیتر کەس لە ماڵی ئەحەزیادا نەبوو توانای پاشایەتییەکەی هەبێت.

عەتەلیا و یۆئاش

10کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی بنەماڵەی یەهودای لەناوبرد. 11بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا، پێش کوشتنی شازادەکان یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی و لەگەڵ دایەنەکەی لە ژووری نوستن داینا. یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرامی پاشا ژنی یەهۆیاداعی کاهین بوو، هەروەها خوشکی ئەحەزیا بوو، ئیتر برازاکەی لە عەتەلیا شاردەوە تاکو نەتوانێ بیکوژێت. 12ماوەی شەش ساڵ لەگەڵیاندا بە نهێنی لە پەرستگای خودا مایەوە، عەتەلیاش فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.