دووەم پوختەی مێژوو 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 21:1-20

1ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. 2یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات چەند برایەکی هەبوو، عەزەریا، یەحیێل، زەکەریا، عەزەریاهو، میکائیل و شەفەتیا، هەموو ئەمانە کوڕی یەهۆشافاتی پاشای ئیسرائیل21‏:2 واتا یەهودا.‏ بوون. 3باوکیان لە زێڕ و زیو و شتی گرانبەها زۆری پێدابوون، لەگەڵ شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا، بەڵام پاشایەتییەکەی بە یەهۆرام دا، چونکە نۆبەرە بوو.

پاشایەتی یەهۆرام

4کاتێک یەهۆرام جڵەوی پاشایەتییەکەی باوکی گرتە دەست و بەهێز بوو، هەموو براکانی و هەندێک لە میرەکانی ئیسرائیلی بە شمشێر کوشت. 5یەهۆرام تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و 6هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 7لەگەڵ ئەوەش یەزدان نەیویست بنەماڵەی داود لەناوببات، لەبەر ئەو پەیمانەی لەگەڵ داود بەستبووی، هەروەک پێی فەرموو بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.

8لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا. 9ئیتر یەهۆرام لەگەڵ سەرکردەکانی و هەموو گالیسکەکانی پەڕییەوە. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون. 10هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە.

هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو، چونکە یەهۆرام وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنابوو. 11هەروەها ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی لە چیاکانی یەهودا دروستکرد و وای لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد داوێنپیسی بکەن و یەهودای گومڕا کرد.

12یەهۆرام نامەیەکی لەلایەن ئەلیاس پێغەمبەرەوە وەرگرت کە تێیدا نووسرابوو:

«یەزدانی پەروەردگاری داودی باوکت ئەمە دەفەرموێت: ”تۆ ڕێچکەی یەهۆشافاتی باوکت و ئاسای پاشای یەهودات نەگرتەبەر، 13بەڵکو ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلت گرتەبەر و وات لە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد وەک ماڵی ئەحاڤ داوێنپیسی بکەن، هەروەها براکانی خۆتت کوشت، ئەوانەی ماڵی باوکت کە لە تۆ باشتر بوون. 14لەبەر ئەوە یەزدان گورزێکی جەرگبڕ لە گەلەکەت، کوڕەکانت، ژنەکانت و هەموو ئەوەی هەتە دەوەشێنێت، 15خۆشت تووشی نەخۆشییەکی ڕیخۆڵە دەبیت کە سەخت و درێژخایەن دەبێت، هەتا ڕیخۆڵەکانت لە لەشت دێنە دەرەوە.“»

16ئینجا یەزدان ڕۆحی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی لای کوشییەکانی لە یەهۆرام وروژاند و 17پەلاماری یەهودایان دا و داگیریان کرد و هەرچی لە کۆشکی پاشادا هەبوو لەگەڵ کوڕەکانی و ژنەکانیدا بردیان و هیچی بۆ نەمایەوە جگە لە ئەحەزیای کوڕە بچکۆلەی.

18پاش هەموو ئەمانەش یەزدان یەهۆرامی تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵە کرد و چارەسەریشی نەبوو. 19نەخۆشییەکە بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو هەتا لەدوای دوو ساڵ ڕیخۆڵەکانی هاتنە دەرەوە و بە ئازاری زۆرەوە مرد، گەلەکەشی ئاگرێکی وەک ئاگری21‏:19 بڕوانە 16‏:14 باوباپیرانیان بۆ نەکردەوە.

20یەهۆرام لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بوو بە پاشا و هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و کە ڕۆیشت کەس بۆی بە داخ نەبوو و لە شاری داود ناشتیان، نەک لە گۆڕستانی پاشاکاندا.