دووەم پوختەی مێژوو 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 12:1-16

پەلاماری شیشەق بۆ سەر ئۆرشەلیم

1ئەوە بوو کە پاشایەتییەکەی ڕەحەڤەعام جێگیر و بەهێز بوو، ئەو و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەشی12‏:1 واتا خەڵکی یەهودا.‏ کە لەگەڵیدا بوون، وازیان لە فێرکردنەکانی یەزدان هێنا. 2لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ یەزدان کرد. 3شیشەق بە هەزار و دوو سەد گالیسکە، شەست هەزار سوار و سەربازێکی بێشوماری لیبی، سوخی و کوشی12‏:3 خەڵکی وڵاتێک کە لە سەرووی ڕووباری نیل بوو، لێرە و لە 16‏:8.‏ کە لە میسرەوە لەگەڵی هاتبوون، 4شارە قەڵابەندەکانی یەهودای گرت و هاتە سەر ئۆرشەلیم.

5پاشان شەمەعیای پێغەمبەر هات بۆ لای ڕەحەڤەعام و ئەو سەرکردانەی یەهودا کە لە ترسی شیشەق لە ئۆرشەلیم کۆببوونەوە و پێی گوتن: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە وازتان لە من هێنا، لەبەر ئەوە منیش لەناو دەستی شیشەقدا وازم لە ئێوە هێنا.“»

6ئەو کاتە سەرکردەکانی ئیسرائیل و پاشاش خۆیان نزم کردەوە و گوتیان: «یەزدان دادپەروەرە!»

7کە یەزدان بینی خۆیان نزم کردەوە، فەرمایشتی یەزدان بۆ شەمەعیا هات و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی خۆیان نزم کردەوە، لەناویان نابەم، بەڵکو خێرا دەربازیان دەکەم و لەسەر دەستی شیشەق تووڕەییم بەسەر ئۆرشەلیمدا نابارێنم. 8لەگەڵ ئەوەشدا دەبن بە کۆیلەی ئەو هەتا جیاوازی نێوان خزمەتکردنی من و خزمەتکردنی پاشاکانی خاکەکانی دیکە بزانن.»

9کاتێک شیشەقی پاشای میسر پەلاماری ئۆرشەلیمی دا، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد کە سلێمان دروستی کردبوون. 10لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە. 11هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.

12لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە.

13ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو. 14ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو.

15ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. 16ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.