دووەم پوختەی مێژوو 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

دووەم پوختەی مێژوو 11:1-23

1کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، بنەماڵەی یەهودا و بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعام بگەڕێننەوە.

2بەڵام پەیامی یەزدان بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات: 3«بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و بە هەموو نەوەی ئیسرائیل لە یەهودا و بنیامین بڵێ، 4”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی براکانتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و هێرشیان نەکردە سەر یارۆڤعام و کشانەوە.

قەڵابەند کردنەوەی شارۆچکەکانی یەهودا

5ڕەحەڤەعام لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو و لە یەهودا چەند شارێکی قەڵابەندی بنیاد نایەوە، 6وەک بێت‌لەحم، عێتام، تەقۆعە، 7بێت‌چوور، سۆخۆ، عەدولام، 8گەت، مارێشا، زیف، 9ئەدۆرەیم، لاخیش، عەزێقا، 10چۆرعا، ئەیالۆن و حەبرۆن. ئەم شارە قەڵابەندانە لەناو خاکی یەهودا و بنیامین بوون. 11جا قەڵاکانی بەهێز کرد و فەرماندەکان و ئەمبارەکانی خواردن و زەیت و شەرابی تێیاندا دانا. 12لە هەموو شارێکیش قەڵغان و ڕمی دانا و زۆر بەهێزی کردن، یەهودا و بنیامینی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە.

13کاهین و لێڤییەکانیش لە هەموو سنوورەکانی خۆیانەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیلدا هاتن و لایەنگری ئەمیان کرد. 14هەروەها لێڤییەکان لەوەڕگاکانیان و موڵکەکانیان بەجێهێشت و چوون بۆ یەهودا و بۆ ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی یارۆڤعام و کوڕەکانی ڕەتیان کردنەوە کە کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن. 15جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان11‏:15 مەبەست لە هەموو ئەو شوێنە بەرزانەیە کە گەل قوربانی لێ دەکرد، هەرچەندە ئەو شوێنە لەلایەن یەزدانەوە هەڵنەبژێردرابوو. بڕوانە دواوتار 12‏:5.‏ و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە11‏:15 نێری، سابرێن.‏ و گوێرەکە دروستی کردن. 16ئەوانەی لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کە بە هەموو دڵ ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەکرد، دوای لێڤییەکان کەوتن و چوونە ئۆرشەلیم هەتا قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بکەن. 17جا پاشایەتییەکەی یەهودایان بەهێز کرد و سێ ساڵ پاڵپشتی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمانیان کرد، چونکە سێ ساڵ ڕێگای داود و سلێمانیان گرتەبەر.

خێزانی ڕەحەڤەعام

18ڕەحەڤەعام ماحەلەتی کچی یەریمۆتی کوڕی داودی هێنا، کە دایکی ئەبیهەیلی کچی ئەلیابی کوڕی یەسا بوو. 19ماحەلەتیش ئەم کوڕانەی بۆ خستەوە: یەعوش، شەمەریاهو و زەهەم. 20پاشان ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی هێنا، ئەویش ئەبیا و عەتەی و زیزا و شەلۆمیتی بۆ خستەوە. 21ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی لە هەموو ژن و کەنیزەکانی دیکەی خۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە هەژدە ژن و شەست کەنیزەی هەبوو، بیست و هەشت کوڕ و شەست کچیشی بوو.

22ڕەحەڤەعام ئەبیای کوڕی کە لە مەعکای بوو، لەنێو براکانی کرد بە میر هەتا لە جێی خۆی بیکات بە پاشا. 23جا ڕەحەڤەعام بە داناییەوە کوڕەکانی بەناو هەموو ناوچەکانی یەهودا و بنیامیندا لە هەموو شارە قەڵابەندەکان بڵاو کردەوە و خواردنی زۆری پێدان و ژنی زۆریشی بۆ هێنان.